راوێژكارى راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كه‌مین دانیشتنی خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان روون ده‌كاته‌وه‌

05/11/2018 03:50:00 م
رۆژى 4/11/2018 ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ریى هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌رسومى هه‌رێمیی ژماره‌ (1)، به‌پشتبه‌ستن به‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی كه‌ پێی دراوه‌ به‌پێی حوكمى ماده‌ى یه‌كه‌م/ بڕگه‌ی چواره‌م له‌ یاسای ژماره‌ 2ی ساڵی 2017، (یاسای دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێم) و دوای په‌سندكردنی ئه‌نجامه‌كانی كۆتایی خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی دادوه‌رییه‌وه،‌ بڕیاریدا به‌ بانگهێشتكردنی كاندیده‌ ده‌رچووه‌كانى خولی پێنجه‌مى په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق بۆ یه‌كه‌مین دانیشتنی په‌رله‌مان له‌ رۆژی 6/11/2018 كاتژمێر 12ى نیوه‌ڕۆ.
سه‌باره‌ت به‌شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی دانیشتنه‌كه‌ به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی هه‌مواركراو، طارق جوهر سارمه‌می، راوێژكارى راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، له‌ لێدوانێكدا تایبه‌ت به‌ سایتی په‌رله‌مانی كوردستانی راگه‌یاند: "بەپێی مادەی 46 لەیاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی هەموارکراو ی پەرلەمان و مادەی ٣ لەپەیڕەوی ناخوی هەموارکراو، پەرلەمان یەکەم دانیشتنی لە ماوەی ١٠ رۆژ پاش دەرچوونی مەرسومی هەرێمی بۆ بانگهێشت و کۆبوونەوە ئه‌نجام ده‌دات، بەڵام ئەگەر بانگهێشت نەکرا ، ئەوا لە یەکەم رۆژی پاش کۆتاییهاتنی ماوەی ناوبراو، لە خۆیەوە کۆدەبێتەوه‌ بەپێی مادەی47 لە یاسای هەڵبژاردن و بڕگەی یەکەم لەمادەی ١١ی پەیڕەوی ناوخۆی هەموارکراو، (پەرلەمان یەکەمین دانیشتنی بەسەرۆکایەتیی بەتەمەنترین ئەندام دەبەستێ و ئەندامەکانی ئەم سوێندەی خوارەوە دەخۆن: (به‌خودای گه‌وره‌ سوێند ده‌خۆم، كه‌ پارێزگاری لە یەکێتیی گه‌ل و خاکی كوردستان- عێراق و بەرژەوەندییە باڵاکانی بکەم). هەرچەندە ناوەڕۆکی سوێندەکە لە پەیرەوی ناوخۆى هەموارکراودا بەشێوەیەکی تر نووسراوە، بەلام لەم دانیشتنەدا کار بەو دەقی سوێندخواردنە دەکرێ کە لە یاسای هەڵبژاردنی په‌رلاماندا هاتووە. چونکە لەکاتی بوونی جیاوازی لە نێوان دەقی یاسا و پەیڕەوی ناخۆدا کار بە دەقە یاساییەکان دەکرێ نەک پەیڕەوی ناوخۆ".
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا، راوێژكارى راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، سه‌باره‌ت به‌شێوازی هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، رایگه‌یاند: "بەپێی ماددەی 48 لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی هەموارکراو پەرلەمان لەیەکەم دانیشتیدا بەدەنگدانی نهێنی سەرۆک و جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان بەزۆرینەی موتلەقی دەنگی ئەندامانی هەڵدەبژێرێ، هەرچەندە لە پەیڕەوی هەموارکراو هاتووە: دەستەی سەرۆکایەتیی لە سەرۆک و دوو جێگری یەکەم و دووەم پێکدێ، بەڵام لەبەرئەوەی لە یاساکە هەموار نەکراوە ئەوا هەروەک جاران سەرۆکایەتییەکە بەناوی سەرۆک و جێگرو سکرتێر هەڵدەبژێردرێن، هەروەها بەپێی بڕگەی یەکەمی مادەی 49 لەیاسای هەڵبژاردنی هەموارکراو، پەرلەمان لە دانیشتنی یەکەمدا وادەی دەورەکانی بەستنی دەستنیشان دەکرێت، بە مەرجێ ساڵانە لەدوو دەورە کەمتر نەبێ بەپێی بڕگەی یەکەم لە ماده‌ى (13) لە پەیڕەوی ناوخۆی هەموارکراوی ساڵی ٢٠١٨ له‌ رێكه‌وتی (سوێندخواردن)ی یاساییه‌وه‌، كاندیدی هه‌ڵبژێردراو ده‌بێته‌ ئه‌ندام و به‌ ده‌ستبه‌كار هه‌ژمار ده‌كرێت و گشت مافێكی ئه‌ندامێتیی ده‌بێت و هه‌موو ئه‌ركه‌كانی ئه‌ندامێتیی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ). هەروەها لە بڕگەی دووه‌مدا هاتووە: ( ئه‌گه‌ر كاندیدی هه‌ڵبژێردراو، به‌بێ پاساوی ڕه‌وا له‌ دانیشتنی یه‌كه‌مه‌وه‌ بۆماوه‌ی (30) سی رۆژ (سوێندخواردن)ه‌كه‌ ئه‌نجام نه‌دا، مافی سوێندخواردنی یاساییی نامێنێت).

رۆژمێرى رووداوه‌كان